دەقی هەڵوێست و راسپاردەکانی پەرلەمانی کوردستان لەسەر رەوشی رۆژئاوای کوردستان:.
1ـ پەرلەمانی کوردستان دژە شەڕە و داوا دەکەین هەرچی زووە شەڕ و لەشکرکێشی و ململانێی سەربازی کۆتایی پێبهێنرێت و لەبری ئەوە پشتیوانی بژاردەی چارەسەری ئاشتییانەین و دەخوازین لە رێگای دیالۆگەوە کۆتایی بە ناکۆکیەکان بهێنرێت.
2ـ وێڕای بە توندی ئیدانەکردنی هیرش و لەشکرکیشی و بە ئامانجگرتن و پەلاماری سەر هاولاتیان، داواکارین سەروماڵ و گیانی خەڵکی سڤیل و دامەزراوە مەدەنییەکان پارێزراو بێت.
3ـ پەرلەمانی کوردستان لە پێناوی پاراستنی ئاسایش و ئاشتی نێودەوڵەتی، بەرمەبنای ڕێکەوتتنامە نێودەوڵەتیەکان، داوا لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و نەتەوەیەگرتووەکان و یەکێتی ئەوروپا و رێکخراوە هەرێمایەتی و نێوەدەوڵەتییەکان دەکات، هەوڵ و توانایان چڕتر بکەنەوە و گوشارە سیاسی و دیپلۆماسییەکانیان زیاتر بکەن بەئاراستەی کۆتایی هێنان بەو شەرو لەشکرکێشیەی کە ئیستا لە رۆژئاوای کوردستان هەیە.
4- حکومەتی هەریمی کوردستان رادەسپێرین تاوەکو لە چوارچیوەی تواناکان، بە هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ رێکخراوە نێوەدەوڵەتییەکان ئامادەسازی تەواو بکات بۆ پیشوازی و حەواندنەوە و بە دەمەوە چوونی ئەوپەنابەرانەی کە بەهۆی شەڕو ململانێکانی ئێستای ناوچە جیاجیاکانی رۆژئاوای کوردستانەوە ڕوو لەهەریمی کوردستان دەکەن.
5- داوا لە بەرێز سەرۆکی هەرێمی کوردستان و دامەزراوەی سەرۆکایەتی هەریمی کوردستان دەکەین ، وێڕای چرترکردنەوەی هەولە دیپلۆماسییەکان و هەماهەنگی لەگەل حکومەتی فیدرال، کاری زیاتربکات بۆ یەکخستنی هەلویستی تەواوی لایەنە سیاسیە بەڕێزەکانی هەریمی کوردستان بە ئاراستەی پشتیوانیکردن لە بژاردەی ئاشتیانە.
6- داوا لە حکومەتی عێراقی فیدراڵ دەکەین ، هاوکاری دامەزراوەکانی حکومەتی هەریمی کوردستان بێت بە دابینکردنی بەشێک لە بودجەی (گواری)بۆ فریاکەوتن و حەواندنەوەی ئاوارەکان، چونکە هاوکاری و بەدەمەوەچوونی پەنابەری نوێ و ئیدارەدانی ئاوارەو پەنابەرانی ئێستای ناو کامپەکانی هەریمی کوردستان ، بارگرانیەکی دارایی گەورە دەخاتە سەر هەرێمەکەمان و لە تواناکانمان زیاترە.
7- داوا لە سەرجەم ئەو کونسولخانەو نوێنەرایەتیە دیپلۆماسییانەی ولاتان دەکەین کە لەهەریمی کوردستانن، حکومەتەکانیان لەو دۆخەی ئیستای رۆژئاوای کوردستان بە وردەکاری رووداوەکانی و لێکەوتە ناوخۆیی و هەریمایەتی و جیهانییەکانی ئاگادار بکەنەوەو هەوڵ و توانا و گوشارە دیپلۆماسییەکانیان بۆ ڕاگرتنی شەڕ و ململانێی سەربازی و ماڵوێرانی خەلکی سڤیل و ئاوارە بوونیان، زیاتر بکەن و هەموو لایەنە ناکۆکەکان بۆ گفتوگۆ و چارەسەری ئاشتی هانبدەن. هاوکات داوایان لێدەکەین کە هاوکاری دامەزراوەکانی حکومەتی هەریمی کوردستان بن بۆ بەدەمەوە چوونی ئاوارەو پەنابەران.
8- پەرلەمانی کوردستان هەڵمەتیکی نیشتیمانی بۆ کۆکردنەوەی کۆمەک و پشتیوانی و بەدەمەوەچوونی ئاوارەو لێقەوماوانی رۆژئاوای کوردستان رادەگەینێت و لە روانگەی ئەرکی نیشتیمانی و مرۆیی و نەریتی کوردستانیانەمانەوە، داخوازیمان ئەوەیە خەڵکی کوردستان وەک نەریتیکی مرۆدۆستانەی کوردستانیانە، ئەوەی لە توانایاندایە لە ریگای ریکخراوە ناوخۆیی و نێوەدەوڵەتییەکان و دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێمەوە ، بەدەم ئاوارەو پەنابەرانەوە بچن . پەرلەمانتارانی کوردستان بەشدارن لەم هەلمەتە نیشتیمانییە.
9- پەرلەمانی کوردستان نیگەرانییەکی قوڵی هەیە لەوەی ئاراستەی رووداوەکان و کاری هێزەچەکدارە توندرەوەکان بە جۆرێک بن کە دۆخی نەخوازراو و ناهەمواری عەفرین و پیشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ و کارە دژە مرۆڤایەتییەکانیان و بە تالان بردنی سەرو ماڵی هاولاتیان و گٶڕینی دیمۆگرافی لە ناوچەکانی دیکەی رۆژئاوای کوردستان دووبارە بکەنەوە. پیویستە هەموو هەولەکان بەو ئاراستیە بن کە رێ لەم هێزە چەکدارانە بگیریت تا دۆخی سەری کانێ و گرێ سپی و کۆبانێ و ناوچەکانی دیکە وەک عەفرین لێ نەکەن.
10- گەلی کورد و گەلانی دیکەی سوریا، مافیکی سروشتی و یاسایی و دیموکراسییانەی خۆیانە ، لە چوارچیوەی هەولە دیپلۆماسییەکانی چارەسەری دۆخی گشتی سوریا بە ئاراستەی جنێڤ وئاراستەی ئاستانە و بریارەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان تایبەت بە سوریا، لە هەر ریککەوتنێک بۆ دۆخی سوریای دوای شەر ، مافی نەتەوەیی و هاولاتی بوون و یەکسانی و دادپەروەری لە ئەرک و مافیان لە دەستوری نویی سوریا و شیوەی حوکمرانی لە چوارچیوەی سوریادا بچهسپێت.
11- پەرلەمانی کوردستان داوا لەسەرجەم هێزە کوردستانییەکانی رۆژئاوای کوردستان دەکات، ململانیی حیزبی و ئایدیۆلۆژی تەسک بە لاوە بنێنن و قۆناغێکی نویی کاری پیکەوەیی و خەباتی بەرەیی لە سەر بنەمای بەرژەوەندی بالای خەلکی کوردستان لە رۆژئاوای کوردستان دەستپێبکەن و لە سەر بنەمای ئاشتی و دیموکراسی و دیالۆگ و پێکەوە ژیان و وەستانەوە دژی تیرۆر، خەباتی گەلی کوردستان لەرۆژئاوای کوردستان زیاتر پێشبخەن و لاپەرەیەکی نوێ هەلبدەنەوە.
12- پەرلەمانی کوردستان سەرنجی کۆمەلگای نێوەدەولەتی بۆ ئەو راستییە رادەکیشیت کە رووداوەکانی ئەم دواییەی رۆژئاوای کوردستان و کشانەوەی هیزەکانی هاوپەیمانی نێودەولەتی و ئەو لەشکرکیشی و ناسەقامگیریەی کە لە چەند ناوچەیەکی رۆژئاوای کوردستان هاتۆتە ئارا، هەموو دەستکەوتەکانی شەری تیرۆر و شکاندنی ئەفسانەی داعش لە ناو دەبات و زەمینەی سەرهەڵدانەوەی داعش و تیرۆریستانی دیکە زیاتر دەکات و بەوەش جاریکی دیکە ئاشتی و ئاسایش و سەقامگیری هەریمایەتی و جیهانی دەکەویتەوە بەر مەترسی.
پەرلەمانی کوردستان
15/10/2019