لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژنەوەی زانستی لە پەرلەمانی کوردستان چەند پرسێکی گرنگی تاوتوێ کرد و چەند بڕیارێکی دەرکرد..
ئەندامانی ئەو لیژنە لاوەکیەی کە بۆ مەبەستی بەدواداچون بۆ کێشە و گرفتەکان لە پرسیار و ئەنجامی تاقی کردنەوەکان پێکھێندرا بوو ڕاپۆرتی خۆیان خستەڕوو، ئەندامانی لیژنە لاوەکیەکە لەڕاپۆرتێکدا دەرەنجامی بەدواداچون و سەردانەکانیان خوێندەوە و بڕیاردرا کە بە نوسراوێک بەرز بکرێتەوە بۆ سەرۆکایەتی پەرلەمان و لە ڕێگەی ئەوانیشەوە ئاراستەی وەزارەتی پەروەردە بکەن بۆ لێپیچینەوە لەو کەسانەی کە بوونە ھۆکاری ئەو ھەڵانەی کە لە تاقی کردنەوەکان ڕویاندا.
دواتر گفتو گۆ کرا لەسەر کێشە و گرفتەکانی بەردەەم قوتابیان و خوێندکاران لە زانکۆ تایبەتەکانی ھەرێمی کوردستان و دوای ڕاوێژ و گفتوگۆیەکی ورد بڕیاردرا کە لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی نوسراوێک ئاراستەی زانکۆو پەیمانگاو قوتابخانە تایبەتەکان بکات بۆ ئەوەی قوتابیان ساڵی یەکەم بێ بەرامبەر بخوێنن لە زانکۆکاندا ، ھەروەھا کەم کردنەوەی کرێی خوێندنی پاڕالێل لە زانکۆ حکومیەکان.
ھەر لەم کۆبونەوەیەدا بڕیاری دروست کردنی لیژنەیەک درا بەمەبەستی ئاگادار بون لەشێوازی ئیش و کارەکانی ناوەندی وەرگرتنی قوتابیان لەزانکۆ و پەیمانگاکانی کوردستان و بەدواداچون بۆ کێشە و کەم و کوڕیەکان .
لەکۆتایی کۆبونەوەکە ئەو نوسراو و داواکاری و سکاڵایانە خوێندرانەوە کە ئاراستەی لیژنە کرابوون و کاری پێویستیان لەسەر کرا .